ئێمە

ئیمە کێین؟
بزوتنەوەی ژنانی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات میژوویەکی دورو در
ێژی هەیە . کەسایەتی ژن و مافەکانی، پێگەی ئینسانیەکەی و هێزە کۆمەڵایەتیەکەی بەردەوام بە درێژایی سێ دەیەی رابردوو کێشەیەکی سەرەکی لە کوردستانی رۆژهەڵاتدا بووە . ئەگەر چی لە لایەکەوە رواڵەتەکانی زوڵم و زۆر لە ژنان زیاتر لە هەموو کاتێک خۆی نیشان داوە و هەڵاواردنی جینسی بە یاساکانی ئائینی رازاوەتەوە و بەردەوام ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی ژنانی بە زەقترین شێوە خستوەتە ژێر گوشارەوە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە زۆرێک لە دیاردەکانی ئازادیخوازانە و چەمکە فمنیستیەکان لە تابۆ دەرهاتوون و جێگیر بوون. ژنان لە کوردستانی رۆژهەڵات تا رادەیەکی زۆر هەوڵیان داوە بۆ بەرو پێش چوون و سەلماندنی بوونی خۆیان.
سەرەڕای  هەموو دەسکەوتە فەرهەنگی و بەنرخەکانی بزوتنەوەی ژنانی کورد لەم بەشە لە کوردستان، خاوبوونەوە و کەم بوونەوەی چالاکی بە بەرنامە لە مەڕ  گەشەپێدانی لایەنە کۆمەڵایەتیەکانی خەباتیان و رێکخستنیان لەم ساڵانەی دواییدا بەرچاو بووە . ئیستبداد لە نێو کوردستان  و لە تاراوگە بوونی درێژماوەی حیزب و نیهادە سیاسیەکان لە هاتنە ئارای ئەم  بارودۆخەدا  کاریگەرییان بووە و تا رادەیەک دڵسەردی خولقاندووە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم واقعیەتە ئێمە کۆمەڵێک لە ژنانی بە ئەزموون و خەباتکاری کوردستانی رۆژهەڵات بڕیارمان داوە کە زیاتر لە جاران لە رێگای وەگەرخستنی میکانیزم گەلی جۆربەجۆرەوە ئەم دڵسەردی و بێ هیواییە بە پێی توانای خۆمان کەم بکەینەوە. بە تایبەت لەم بارودۆخەدا کە ناوچەی کوردستانی رۆژهەڵات تێدا بە سەر دەبات، زۆر پێویستە لە رێگای رێکخستن و یەکگرتووییەکی رێکخراوییەوە خۆمان بۆ رووبەروو بونەوە لە گەڵ ئەگەری رووداوە سیاسیەکان ئامادە بکەین. هەوڵ بدەین بە یارمەتی زانست، تێگەیشتوویی و هەروەها بەکار هێنانی ئەزمونەکانمان لە کوردستانی ئێران و لە دەرەوەی وڵاتیش کاریگەری هێزی خۆمان لە سەر رەوتی رووداوە کۆمەڵاییەتی و سیاسیەکانی کوردستانی رۆژهەڵات دابنێین.
یەکێک لەو مکانیزمە کاریگەریانە پێک هێنانی رێکخراوێکی گشتیە کە بتوانێ بەشی هەرە زۆری ژنانی شار ودێ، دەرەوە و ناوەوەی کوردستان، بە هەر بۆچوون و بیر وبروایەکەوە لە دەوری یەک کۆبکاتەوە. رێکخراوی جەماوەری و سەربەخۆی ژنان نیازێکی گرینگی کۆمەڵگای مەدەنی و دیموکراسیخوازە. بە بێ پێکهێنانی ئەم رێکخراوانە رێکخستنیش مسۆگەر نابێت و هەروەها بزوتنەوەی ژنانی کورد بۆ بەدیهێنانی ئامانجە رزگاریخوازانەکانی کاری موشکیل تر دەبێت و هێزیشی بە فێڕۆ دەچێت. ئەم ئەزموونە جارێکی دیکە لە سی ساڵ لەمەو پێش لە کوردستانی رۆژهەڵات تاقی کرایەوە و کاریگەری بەرچاوی لە سەر وشیاری و گەشە پێدانی بزوتنەوەی ژنان لە کوردستانی رۆژهەڵات هەبوو.
ئێمە کۆمەڵێک لە ژنانی چالاکی کوردستانی رۆژهەڵات ، دانیشتووی کوردستانی باشوور لە مانگەکانی کۆتایی ساڵی 2010وە دەستمان دایە پێکهێنانی رێکخراوی "کۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات". ئەم رێکخراوەیە دەستەی کارگێری هەیە. بۆ بەرێوە چوونی کار و ئەرکەکانی 7 کۆمیتەی کاری پێک هێناوە کە بریتین لە: کۆمیتەی کۆمەڵایەتی، هۆنەری، پێوەندیەکان، راگەیاندن، ماڵی، ئەرشیو و ئیداری و کۆمیتەی سیاسی.
قورسایی زۆرتر ی کارەکانمان لە سەر کۆمیتەی کۆمەڵایەتیە. ئەم بەشە لە کاری ئێمە هەڵسووڕانی چالاکانەیە لە نێو کەمپەکانی پەنابەرانی کوردی رۆژهەڵات لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی کوردستانی باشوور. دەمانهەوێ لە رادەی توانایی ماڵی و ئینسانی خۆماندا کێشەکانی ژیانی ئەم ژنانە چارەسەر بکەین و یارمەتی یان بکەین بۆ پێک هێنانی ئاستێکی بەرز لە بڕوا بەخۆ لە نێویاندا و زانیاریەکی پێویست  بۆ داکوکی کردن لە مافە سەرەکی و ئینسانیەکانی ژنان و لە ئەنجامدا ژیانێکی ئاسایی و کەم تەنگ و چەڵەمە. ئەم ژنانە بە هۆی ژن بوون، کوردبوون و پەنابەربوون لەم دیوی سنوورەکانی کوردستانی رۆژهەڵاتەوە مێژوویەکی سی ساڵەی ئاوارەگی، شەڕ ، زوڵم و بێ مافییان تێپەڕ کردووە کە نووسینی هەر لایەنێک لە بەسەرهاتی ئەم بنەماڵانە چەندین رۆمان هەڵدەگرێت. بێجگە لەمە بوونی کۆمەڵێکی فراوان لە ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان دانیشتووی هەرێمی باشوور لە خۆێندکار، چالاکی سیاسی و مەدەنی و هەڵسووراوانی فمینیست ، و بە گشتی هەموو ئەو ژنانەی کە بە جورێک ژیانی ئاسایی یان لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دا کەوتوەتە مەترسیەوە و لە کوردستانی باشور نیشتەجێ بوون، ئێمەی زیاتر هان دا بۆ دامەزراندنی رێکخراوێکی ژنانی رۆژهەڵات لەم ناوچەیە. جێگای سەرنجە کە "کۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات" لە وڵاتانی ئورووپی و هەر وەها لە نێو شارەکانی کوردستانیش چالاکی هەیە و لەگەل َ ژنانی وشیار و تێکوشەری ئەم شۆێَنانەش پێوەندی دەگرێت.
لێرەوە داوا لە هەموو ژن و پیاوێکی تێکوشەر و عیداڵەتخواز دەکەین کە بە هەر جورێک بویان دەکرێـت یارمەتی بەرەو پێش چوونی کارەکانمان بکەن. داواکاریمان ئەوەیە هەموو ژنانی دانیشتووی کوردستانی رۆژهەڵات بە رێکخراوی "کۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات" پێوەست بن و لەم رێگایەوە هێزی ژنانی کورد و بزوتنەوەکەی بەرەو سەرکەوتن ببەن. هەروەها چاوەروانی یارمەتی هەمەلاینەی روشنبیران و تیکۆشەرانی کۆمەڵگای کوردستانین کە بە هەر چەشنێک خۆیان بە بەشدار بزانن لە ناساندنی "کۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات" و بەهێزکردنی بزوتنەوەی بەرحەقی ژنانی کوردستانی رۆژهەڵاتیشدا .
سەرکەوتوو بێت خەباتی ژنانی کوردستانی رۆژهەڵات بۆ ئازادی

کۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات

 


گالێری وێنەکان

ڤیدیۆ کلیپ