یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵه‌ی ژنانی رۆژهه‌ڵات له‌ رێكه‌وتی 20/4/2013به‌رانبه‌ر به‌31ی خاكه‌لێوه‌ی 1392ی هه‌تاوی له‌ شاری سلێمانی به‌ به‌شداری چالاكانی بواری مافه‌كانی ژنان، كه‌سایه‌تیه‌ سیاسی ، روناكبیران و رۆشنبیران به‌ دروشمی "مافی گه‌شه‌سه‌ندنی دۆخی ژنی كورد،ده‌روازه‌یه‌ك بۆ چوونه‌ نێو په‌ره‌پێدانی هاوسه‌نگ و سه‌قامگرتوو" به‌ڕێوه‌ چوو.

ده‌سپێكی كۆنگره‌ به‌ چه‌ندساتێك بێده‌نگی بۆ رێزگرتن له‌ سه‌رجه‌م گیانبه‌ختكردووانی رێگای ئازادی و یه‌كسانی ده‌ستی پێكرد.دواتر گروپی هه‌ڵپه‌ڕكێی "كۆمه‌ڵه‌ی ژنانی رۆژهه‌ڵات" تابلۆیه‌كی هونه‌ریان پێشكه‌ش كرد. پاشان راپۆرتی كاروچالاكی دو ساڵی رابوردوی كۆمه‌ڵه‌ی ژنانی رۆژهه‌ڵات له‌ گرته‌یه‌كی ویدیۆییدا پێشكه‌ش به‌ به‌شداربووانی كۆنگره‌ كرا. دواتر هاوڕێ عه‌بدوڵا موهته‌دی سكرتێری گشتی كۆمه‌ڵه‌ وته‌یه‌كیان پێشكه‌ش كرد. كاك عه‌بدوڵا له‌ به‌شێك له‌ قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌ بوێری و خۆڕاگری ژنان له‌ كوردستانی روژهه‌ڵات له‌ مێژووی سێ ده‌یه‌ی رابردوودا كرد و وتی تێكوشان و خه‌باتی ژنان له‌م به‌شه‌ له‌ كوردستان به‌رده‌وام هه‌ۆێنی ده‌نگی ئازادیخوازی و پێشكه‌وتن بووه‌. هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هاوخه‌باتی و هاوهه‌ڵوێستی ژنان و پیاوانی یه‌كسانیخواز ده‌بێته‌ هه‌وێنی گه‌یشتن به‌ مافه‌ ره‌وا و به‌رحه‌قه‌كانی ژنان و به‌دی هێنه‌ری سه‌ركه‌وتنه‌ له‌ داهاتودا.

 

له‌درێژه‌ی ده‌سپێكی به‌شی یه‌كه‌می كۆنگره‌دا هونه‌رمه‌ندی كورد كاك نه‌جمه‌ی غوڵامی به‌ گۆرانییه‌ك بۆنه‌كه‌ی رازانده‌وه‌. پاشان چه‌ندین به‌رهه‌می هونه‌ری و ریتمیكی كوردی له‌ لایه‌ن گروپی موزیكی "مه‌ستوره‌"وه‌ پێشكه‌ش كرا. به‌شی دواتری به‌رنامه‌كه‌ دابین كرا بو راگه‌یاندنی چه‌ندین په‌یام و برووسكه‌ی پیروزبایی كه‌ له‌ لایه‌ن رێكخراوه‌كانی ژنان و حیزبه‌ سیاسیه‌كانی كوردستانی رۆژهه‌ڵات و باشووری كوردستانه‌وه‌ به‌ كونگره‌ گه‌یشتبوو. له‌درێژه‌دا فیلمێكی دێكۆمێنتاری له‌ سه‌ر ژیان و خه‌باتی چه‌ن لایه‌نه‌ی ژنی پێشمه‌رگه‌،له‌ ئاماده‌كردنی هاوڕێی سینه‌ماكار "ئیدریس عه‌بدی" پێشكه‌شی به‌شداربووان كرا. له‌درێژه‌ی كاره‌كانی كۆنگره‌دا پانێلێك له‌ لایه‌ن به‌رێزان ناهید به‌همه‌نی به‌رپرسی كۆمه‌ڵه‌ی

 

ژنانی رۆژهه‌ڵات ،سوره یا فلاح چالاكی مافی مرۆڤ ، ناهید حوسه‌ینی چالاكی بواری مافه‌كانی ژنان و بێهزاد خوشحاڵی نووسه‌ر و چالاكی مه‌ده‌نی له‌سه‌ر پرسه‌ جیاوازه‌كانی ژن له‌ كوردستانی رۆژهه‌ڵات به‌ڕێوه‌ چوو.كاك بێهزاد باسی له‌ ده‌روونناسی كۆمه‌ڵایه‌تی ژنان و كاریگه‌رییه‌كانی له‌ سه‌ر توندتركردنه‌وه‌ی هه‌ڵاواردنی ره‌گه‌زی كرد. سوره یا فه‌لاح له‌ رێ سكایپه‌وه‌ باسی له‌ سه‌ر تووندوتیژی ژنان له‌ ئیران و كوردستان به‌ گشتی كرد. ناهید حوسه‌ینی له‌ كاریگه‌ری یاساكانی ئێستا و داب‌ونه‌ریته‌ باوه‌كان له‌ سه‌ر ژیانی ژنانی كوردستانی رۆژهه‌ڵات قسه‌ی كرد و ناهید به‌همه‌نی له‌ سه‌ر پێویستی گه‌شه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه‌ له‌ كۆمه‌ڵگا و كاریگه‌ریه‌كانی له‌ سه‌ر پێگه‌ و قورسایی ده‌وری ژنان له‌م ره‌هه‌نده‌دا و هه‌روه‌ها له‌ سه‌ر گه‌شه‌پێدانی هاوسه‌نگ و سه‌قامگرتوو بابه‌تێكی پێشكه‌ش كرد. به‌شی یه‌كه‌می كۆنگره‌ به‌ خه‌ڵات به‌خشین و رێزلێنان له‌ ژنانی پێشمه‌رگه‌، خه‌باتكارانی دێرێن و چالاك له‌ بواری مافه‌كانی ژنان كۆتایی پێهات.

 

به‌شی دووهه‌می كۆنگره‌ به‌قسه‌وباس له‌سه‌ر پێڕه‌وی ناوخۆی كۆمه‌ڵه‌ی ژنانی رۆژهه‌ڵات ده‌ستی پێكرده‌وه‌. ئه‌ندامانی كۆنگره‌ به‌ ره‌خنه‌و پێشنیاری گونجاو و به‌ په‌سه‌ند كردنی چه‌ندین خاڵ به‌ مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندتركردنی ناوه‌روكی پێڕه‌وی ناوخۆ ، ئه‌م سه‌نه‌ده‌یان به‌كۆی ده‌نگ په‌سه‌ند كرد. له‌درێژه‌دا ناوی پاڵێوراوان بۆ هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری نوێی "كۆمه‌ڵه‌ی ژنانی رۆَژهه‌ڵات" له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رانی كۆنگره‌وه‌ خوێندرانه‌وه‌. ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری نوێی "كۆمه‌ڵه‌ی ژنانی رۆژهه‌ڵات" له‌ لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه‌ هه‌ڵبژێردران كه‌ ناوه‌كانیان به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ بو:

 

1 -فه‌ریبا وه‌یسی

 

2- لاولاو نادرپوور

 

3 -سه‌رگوڵ خودایار

 

4 -فه‌ره‌ح شه‌ریفی

 

5 -رۆشنا جه‌وانمه‌ردی

 

6 -سه‌رگوڵ میرزایی

 

7 -گوڵێ په‌ریزادی

 

8 -عوزرا نه‌به‌وی

 

9 -نینا راوه‌ند

 

10 -هه‌ڵاڵه‌ به‌رزنجه‌

 

11 -په‌روین خاڵه‌ندی

 

12 -ته‌وار موده‌ڕسی

 

13 -شاناز په‌یام

 

14 -یه‌كێك له‌ ژنانی چالاك له‌ ناوخۆی كوردستان، وه‌ك ئه‌ندامانی ئه‌سڵی و هاوڕێیان

 

15 -ئالان فه‌تحی

 

16 -ساریا ئازه‌ر

 

وه‌ك ئه‌ندامانی جێگری ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری نوێی كۆمه‌ڵه‌ی ژنانی رۆژهه‌ڵات هه‌ڵبژێردران و به‌شداربووانی كۆنگره‌ پیرۆزبایی خۆیان ئاراسته‌ی ئه‌ندامانی نوێی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كرد و كۆنگره‌ به‌ شادی و هه‌ڵپه‌ڕكێ كۆتایی پێهات.

 

كۆمه‌ڵه‌ی ژنانی رۆژهه‌ڵات

 

رێكه‌وتی 25ی ئاپریلی 2013ی زایینی

 

به‌رانبه‌ر له‌گه‌ڵ 5ی گوڵانی 1392ی هه‌تاوی


Bookmark and Share