ھونەرمەندی کورد "ناسر رەزازی" خەڵاتێکی نێونەتەوەیی بە دەستھێنا

زانکۆی سواس کە یەکێکە لە زانکۆکانی شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، ھەرساڵەو خەڵاتێک دەداتە یەکێک لە ھونەرمەندە نەتەوەییەکان لە جیھاندا، کە بڕیارە خەڵاتی ئەمساڵی لە رۆژی ٣٠-١-٢٠١٦ پێشکەش بکات بە ھونەرمەندی کورد، ناسر رەزازی.

فەرید فەرەجپووری ھونەرمەندی کورد کە بەنیازن لەگەڵ ناسری رەزازی زنجیرە کۆنسێرتێک لە چەند شارێکی بەریتانیا بەڕێوە ببەن بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "لە مەڕاسیمی خەڵاتی رێزلێنان بە ناسری رەزازی کە بەھۆی ٥٠ ساڵ تێکۆشانیەتی لە فەرھەنگ و میوزیکی کوردی، بڕیارە دوو کوردناس گوتاریان ھەبێت و دواتریش سکرتێری زانکۆکە کە خەڵکی بەریتانیایە لەسەر کاک ناسر قسە دەکات".

بەگوتەی فەرەجپووری لەو مەڕاسیمەدا "دوو بەشی میوزیکی فارسی و کوردی پێشکەش دەکرێت کە گۆرانیبێژی بەشی فارسیەکەی جەمشید رەزاییەوە و بەشی دووەمیش کە میوزیکی کوردی تێدا پێشکەش دەکرێت گۆرانیبێژەکانی ناسری رەزازی و فەرەید فەرەجپووری-ن گرووپەکەش چەند ژەنیارێکی بەناوبانگی وەک عارف ئیبراھیمپور و رزگار خۆشناوی تێدایە".

بڕیارە دوو کۆنسێرتی دیکە لە دوو شاری بەریتانیا بەڕێوەبچێت رۆژی یەکشەممە.


Bookmark and Share