هاوڕێ کەسێکی جیاواز،کە لە هەموو تەمەنەکاندا بوونی هەیە و هەستێکی باش و تایبەتیمان پێ دەبەخشێت،گرنگی هاوڕێ هۆکاری زۆری هەیە

نوسیین: شەهلا کەریم
هاوڕێ کەسێکی جیاواز،کە لە هەموو تەمەنەکاندا بوونی هەیە و هەستێکی باش و تایبەتیمان پێ دەبەخشێت،گرنگی هاوڕێ هۆکاری زۆری هەیە کە بەرچاوترینیان،ئەمەیە کە خۆمان هەڵیدەبژێرین و دەتوانین هەمووشتێکی خۆمانی بۆ باس کەین و نەترسین لەئەوەی کە هەڵە دەکەین و متمانەیەکی بێ سنوور لە نێوان هاوڕێکان دا هەیە.
وتمان هاوڕێ لە هەموو تەمەنەکاندا هەیە،بەڵام هەرچی گەورەتر دەبین و باشتر لە کەسایەتی خۆمان تێدەگەین،وردە وردە بۆمان ڕوون دەبێت کە ئەو هاوڕییانەی لە نزیکمانەوە ماون،لە بیر و ڕایان،کردەوەکانیان و بەگشتی هەڵسووکەوتیان،بە باشی تێدەگەین و زۆر جار پێویست ناکات ئەو شتەی کە بێزاری کردبووین یان خۆشهاڵ بیڵێین.
هاوڕێ کەسێکە رۆشتنی کات تەنیا ڕوخساری دەگۆڕێ و تێپەربوونی کات و دوور بوون لێوەی زۆر جار نایگۆڕێ، وەک ئەوەی لە دوای چەن ساڵێک هاورێیەکت ببینی، بێ ئەوەی هەستەکان گۆڕابێت،بە یادی ڕابردوو پێدەکەنن.وادەزانم تەنیا هاوڕێ ڕاستەقینەکان کات نایانبات.
هاوڕێ ڕۆڵێکی گرنگ،لە ژیانی هەموو مرۆڤێکدا دەگێڕێ،هاوڕێ یان هاوڕێکان دەتوانن بەرەو پێشەوەمان ببەن و سەرمانخەن بۆ بەرزایی باشی ژیان،ئەمە لە کاتێکدایە کە هاوڕێکانمان،هاوڕێ ڕاستەقینە و باوەڕ پێکراوبن،نەک هاوڕێ درووینەکان کە کەم نین و دەیانبینین چۆن بە ناو هاوڕێکانیان لە ناو چڵکاوی تریاک و ئەفیوون دەخنکێنن.
باشترین قسەکانمان هەڵدەگرین بۆ سمینار و کۆڕ و کۆبوونەوە،جوانترین جلەکانمان لەبەر دەکەین لە بۆنەکاندا،بەڵام ئەوکەسەی بێدەنگی نێوان وشەکانمان دەبیستێ هاوڕێیە،هاوڕێیە لە ناشیاوترین جلدا بە جوانترین شێوە دەتبینێ.
هاوڕێ هاواری تەنیایی ناخمان هێور دەکات و بۆ ئامۆژگاریەکان و ڕخنەکان کە لێمان دەگرێ،سپاسی دەکەین،هاوڕێ هەناسەیەکی ون بووە کە لە ڕێگای سەیری ژیان دەیدۆزینەوە و چی دی ناتوانین لە بیری کەین،کەسێک بێ ئەوەی چاوەڕوانی پاداشت بێت، بێبەرامبەر خۆشەویستیمان پێ دەبەخشێ."ئێلێنۆر لانک"لە شێعرێکدا دەڵێ:
((هاوڕێ باخەوانێکی نازدارە،کە جوانترین گوڵەکانی دەچنێ بۆت و پێشکەشت دەکات و خەیاڵی دانووستانی نیە،نابینێ کە خونچەکانی لە دەسداوە...تەنیا رێز لە هاوڕێیەتی دەگرێ و باشترین و بەنرخترین شتەکانی بۆ تۆیە و لەنوێ وە گوڵەکانی دەچێنێ.))


Bookmark and Share