ئەگەرچی ئەمڕۆكە تایبەتمەندییەكانی مكانیزمی بازار بەتایبەت لە ئاستێكی بەربڵاودا پەسەند و دانی پێدانراوە بەڵام ھۆكارەكانی پێداویست بوون بە بازار بەشێوازێكی گشتی و ھەموولایەنە تاوتوێ نەكراوە. بابەتێكی سەرەكی تر سەبارەت بە ئازادی”دان و ستان”لە بازاردا، لەگرینگایەتی بنەچەیی ئەو ئازادییە شاردراوەتەوە. بۆ ئێمە شتێكی لۆژیكییە كە بكڕین و بفرۆشین،دان و ستان بكەین و شوێنكەوتووی ژیانێك ببین كە لە ڕێگەی”دان و ستان”پشكووتوو دەبێ. بەگشتی، حاشاكردن و نەكۆلی كردنی ئەم جۆرە ئازادییە، خۆی یەكێك لە ھۆكارە سەرەكییەكانی پێشنەكەوتنی كۆمەڵگایەك بە ھەژمار دێ.

ئەمڕۆكە ئەركی بەربڵاوی "دان و ستان” كەوتۆتە ژێر بێ بایەخی و گوێ پێنەدانەوە و ھۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە”دان و ستان”وەكوو پرسێكی ئاسایی چاو لێدەكەین. سەربەستبوون لە ھەڵبژاردنی كار یا شێوازی زۆردارانەی كار، خۆی یەكێك لە گەورەترین بێبەشكردنەكان بە ھەژمار دێ. تەنانەت ڕەخنەگری گەورەی ڕژێمی سەرمایەداری”كارێل ماركس”بوونی ئازادی كاركردن وەكوو یەكێك لە گرینگترین سەركەوتنەكانی سەرمایەداری دەزانێ. ئەم مژارە نەك تەنیا بابەتێكی دیرۆكی بەڵكوو بەتەواوی ئەمڕۆكەییش چاوی لێدەكرێ. بابەتێك كە دەكرێ لەشێوازە جۆراوجۆرەكانی كۆیلەكردنی كرێكاران لە وڵاتانی ئاسیایی و ئەفریقایی مێزە و بەدی دەكرێ.پ

پرسی دڵتەزێنی كاری منداڵان شێوازێك لە كۆیلایەتییە. بنەچەكانی ئەم شێوازەی كۆیلایەتی لە ھەژاری ئابووری بنەماڵەكانیان بەدی دەكرێ.ھۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە باوك و دایكانی ئەم منداڵانەش خۆیان كۆیلەی خاوەن كارەكانیانن.بەدڵنیایی ئەم مژارە جێی باسوخواس و تاوتوێكردنە بەڵام لێكچوویی زۆر لەنێوان كاری منداڵان و كۆیلایەتی،ھەڵبژاردن ساكار دەكاتەوە.ڕژێمی كاری منداڵان خۆبەخۆ بەھۆی ھاشێوازیی لەگەڵ یەخسیری و كۆیلایەتی زۆر ھۆڤانە و نامرۆڤانەیە.

ئازادی و سەربەستی ژنان بۆ دۆزینەوەی كار لە دەرەوەی ماڵان یەكێك لە گرینگترین پرسەكانی وڵاتە بەرەو پێشكەوتنەكان. ئەم ئازادییە خۆبەخۆ لە زۆرێك لە چاندەكان نەكۆلی لێكراوە و ئەم بابەتە شێوازێكی زەق و ڕوون لە پێشێلكردنی ئازادی ژنان و یەكسانی ڕەگەزییە. پێش گرتن لە كاری ژنان لە دەرەوەی ماڵان لە ھیندێك خاڵ بەشێوەیەكی ئاماژۆكی و لەشێوازی توندوتیژانەدا بنەچەی لە دابونەریت و ھێما باوەكاندا ھەیە. ئەركی بكەری ژنان لە زۆربەی وڵاتانی جیھان لەم گۆڕانكارییانەدا گرینگ و چارەنووس سازە.

دەبێ شێوازەكانی بازار لە ھەڵسەنگاندنی مكانیزم و ڕێگەچارەی بازار ناس بكەین. دەبێ مێزە بكەین بازار ڕكەبەرانە یا پاوانخوازانەیە.گەلۆ ئەگەری چاكسازی لە بەشێك لە بازار بەدی دەكرێ یا نا. گەلۆ نابێ كارایی سەرچاوەگرتوو لە مكانیزم و ڕێگەچارەی بازار لە پەیوەندی لە گەڵ ئازادییەتاكەكەسییەكان خوێندنەوەی بۆ بكرێ ھەتا لەڕێگەی خوازراوەكانەوە. وێدەچێ لەبەرئەوەی بێ زانیارییە بەردەستەكان لەسەر بنەمای ئازادییە تاكەكەسییەكانە. ھەربۆیە وێڕای ئەم گریمانانە، ھاوسەنگی بازاری ڕكەبەرانە، مسۆگەری و دەستەبەركردنی ئەم خاڵەیە كە ئازادی و سەربەستی ھیچ تاكێك لەگەڵ نەگۆڕ ڕاگرتنی سەربەستی ئەوی دیكە بەرز نابێتەوە. بۆ دامەزراندن و درووستكردنی ئەم پەیوەندییە، گرینگایەتی ئازادی سەرەكی نەك تەنیا دەبێ لەڕێگەی گۆشەنیگای تاكەوە بێ بەڵكوو دەبێ لە گۆشەی ھەستیاری پێداویست لە ئاست بە ڕاكێشەری بژاردە بەردەستەكان جێی ئاماژە بێ. سەربەستی و ئازادی لایەنی جۆراوجۆری ھەیە بەڵام ئازادییە تاكەكەسییەكان و ئازادی”دان و ستان”زێدەتر كەوتوونە بەر باسوخواسەوە.

كێشەی نا یەكسانی كاتێك گەورە و زەق وەبەرچاو دەكەوێ كە تێڕوانینی خۆمان لە نایەكسانی داھات بە نایەكسانی دابەشكردن، ئازادییە سەرەكییەكان و ھێزەكان گرێ بدەین. ئەم پرسە لەبەر ئەم ھۆكارەیە كە لە نێوان نایەكسانی داھات و تایبەتمەندییەكانی نایەكسانی لە گۆڕینی داھات بە ھێز و توانایی ئەگەری شێوازێك لە ھاوڕێیەتی بوونی ھەیە. نایەكسانی لە ھێز و توانایییەكان پرسی نایەكسانی داھات خێراتر دەكات. گرێدراوی نێوان داھات و ھێزی كەڵك وەرگرتن لە داھات دیاردەیەكی ئەزموونی ناسراو لە خوێندنەوەكانی پرسی ھەژاری دایە. سەبارەت بە نایەكسانی بەتایبەت ئەو كاتەی ھەژاری لە ڕادەبەدەر بوونی ھەبێ، دەست تێوەردانی كۆمەڵایەتی لەڕێگەی دەوڵەتەوە پێداویستە. ئەم بابەتە ھەتاڕادەیەك ھاوشێوازی”دابینی كۆمەڵایەتی "لەناو دەوڵەتی دەستگیرۆ” (دولت رفاە) دایە.

ئەركی گونجاو و لەباری بازار ھێزی ئەوەی نییە لەسەر بنەوانی ئاڵقەیەك فۆرمۆڵ و ڕێكاری گشتی، چ بەشێوازی لەبەردەست دانانی ھەموو شتێك لەدەستی بازار یا حاشاكردنی ھەموو شتێك لە بازار،زۆر زووتر دیاری بكرێ.تەنانەت”ئادام سمیت”كە بە شێوازێكی بەبڕشت داكۆكی و بەرگری لە بازار دەكات لەسەر پێداویستی تۆژینەوەیی لەمەڕ بارودۆخی ئابووری كە ھۆی سنوورداری دەبن یا ناسینی بەستێنە ئابوورییەكان كە ڕێكخراوە نابازارییەكان ھێزی ئەوەیان ھەیە وێڕای بەشدارییان كەموكووڕییەكانی بازار قەرەبوو بكەنەوە،پێداگری دەكات.بەڵام لەلایەكی دیكەوە”ژێرمی بێنتھام”باس لەئەوە دەكات كە؛”بازار،دەبێ وەكوو خۆی ئازاد و ڕەھا بكەێ”.

تێڕوانینی چەند ڕەھەندی لەم ساڵانەی دواییدا بۆ بابەتی پەرەسەندن گرینگایەتییەكی زۆری بەخۆوە گرتووە.ئەم پرسە بەھۆی كێشە و سەركەوتنە بەرھەم ھاتووەكان لەلایەن وڵاتە جۆراوجۆرەكانەوە لە دەیەكانی ئەم دواییەدا بووە.ئەم مژارە گرێدراوی تەواوی بە ھاوسەنگی نێوان ئەركی دەوڵەت و ڕێكخراوە ڕامیاری و كۆمەڵایەتییەكانی دیكە لەگەڵ كارایی بازارەوە ھەیە.پێشكەوتنی مرۆیی لەئاكامدا سەرووتر لە چاك كردنەوەی ڕاستەوخۆی چۆنایەتی ژیان جێی دەگرێ و ھۆكاری باشتربوونی وەبەرھێنەری تاك-یش دەبێ كە لەجێی خۆیدا گەشەسەندنی ئابووری كە ھەموو بەشداری تێدا بكەن،چاك و باشتر دەكاتەوە.خوێندەواری و نووسین ھۆكاری بەشداری و تەڤلبوونی گشتی خەڵك لە ڕەوتی پەرەسەندنی ئابووری دەبێ.دەرفەتەكانی بازرگانی جیھانی لەڕێگەی مرۆڤە نەخوێندەوارەكان تەنیا ئەگەرێكە.جیا لەوە بەڵگەی جۆراوجۆر بوون و لەبەردەستە دامەزراو لەسەر ئەوەی كە باشبوونی لەشساغی و بژیو،ھێزی كار وەبەرھێنەرتر و قازانجمەندتر دەكات.

*ئەرسەلان بۆرنا، چالاكی سیاسی
سەرچاوە: ئاسۆی رۆژهەڵات


Bookmark and Share