هاورێیانی تێكۆشەری كۆمەڵە


میوانانی بەرێز


خەڵكی شۆرشگێری كوردستان


ژنان،لاوان و خوێندكاران


رۆژی 26ی رێبەندان رۆژی رێز گرتنە لە ساڵیادی ئاشكرابوونی خەباتی حیزبێكی مۆدێرن و پێش كەوتووی سیاسی ،حیزبێك كە بۆ یەكەم جار وزەی ژن،قەڵەمی خوێندكار و هێزی لاوی كرد بە بنەڕەتی دروست بوونی مێژویەك لە گیان فیدایی و خۆنەویستی و لە هەمان كاتدا خوڵقێنەری ئەزمونێك لە خەباتی سیاسی ،مەدەنی و نیزامی نوێ بوو كە سەردەمی قەرزداری خۆی كرد.


كۆمەڵە لە پاش 10 ساڵ خەباتی نهێنی و لە دوای خۆراگری قارەمانانەی ناو زیندان ،لە رۆژی 26ی رێبەندانی ساڵی 1357 و لە دوای شەهید بوونی هاوڕی رابەر كاك حەمە حسێن كەریمی لە 37 ساڵ لەمەو بەرەوە، خەباتی ئاشكرای خۆی دەست پێكرد ئێمەش وەك ژنان ،لاوان و خوێندكاران بە پێویستی دەزانین وێرای پیرۆزبایی رێز و حورمەتمان پێشكەش بكەین بە یادی پیرۆزی شەهیدانی سەر بەرزی كۆمەڵە و بنەماڵەكانیان،زیندانیانی خۆراگری سیاسی كۆمەڵە كە بە قارەمانێتی نێو زیندانی رێبەرانی كۆمەڵە گۆچ كراون هەروەها سڵاوی گەرم و شۆرشگێرانەمان پێشكەش دەكەین بە چالاكانی مەدەنی و فەرهەنگی بە هاوڕێیان و هەڵسوراوانی تێكۆشەری سەنگەری شار كە لە قوڵایی تاریكستانی رەشی خەفەقانی كۆماری ئیسلامی مەشغەلی رۆشنگەریان گرتووەتە دەست و كلتوری كۆمەڵە دەكەنە ناو شارەگی ژیان لە كوردستانی رۆژهەڵات و بەرەنگاری تاریكی دەبنەوە.


خەڵكی تێكۆشەر و قارەمانی كوردستانی رۆژهەڵات،با لەوەها رۆژێكدا پەیمان نوێ بكەینەوە لەگەڵ رێبازی پر لە سەروەری هەنگاوی نوێخوازانەی كۆمەڵە .ژنانی ئاگا و لاوان و خوێندكاران،لەو سەردەمەدا و لە كاتێكدا ناوی كورد و پێشمەرگە بووەتە وێردی زمانی هەموو میدیا و راگەیەننەكانی جیهان و هاوكات لە گەڵ شانازی و هاوخەمی لە گەڵ خەباتی باقی پارچەكانی دیكە بۆ ناساندنی خەباتی رەوای گەلی كورد لە كوردستانی رۆژهەڵات هەوڵ بدەین و تێبكۆشین بۆ ئەوە هەلەكان بقۆزینەوە و بە یەكگرتوویەكی رێكخراوەییەوە مێژوی پر لە سەروەری بۆ گەلی كورد لە كوردستانی رۆژهەڵات بەدی بێنین و خەباتی بگەیەنینە ئەنجام .


كۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات
كومەڵەی لاوانی رۆژهەڵات
كۆمەڵەی خوێندكارانی رۆژهەڵات


Bookmark and Share