هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بۆ هاوڵاتی دووپاتكردوە كە بەهیچ جۆرێك پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار لەبەرنامەیدا نەبووەو ناشبێت، وتیشی كە لەتاران باس لەمەسەلەی سەرۆكایەتی یەكێتی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا نەكردووە، چونكە ئەمە “هێڵی سوورە”.

لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ هاوڵاتی ‌هێرۆ ئیبراهیم، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، وتی كەسەردانەكەی بۆ تاران لەسەر بانگهێشتێكی فەرمی ‌و بەڕاوێژ بووە لەگەڵ مەكتەبی سیاسی حزبەكەی، ئاماژەی بەوەشدا كە پێشتریش چەندجارێك ئەو بانگهێشتە كراوە، “بەڵام ئەمجارە بەباشمزانی”.

 

هێرۆ ئیبراهیم دەڵێت لەسەردانەكەیدا بۆ ئێران، كەچەند رۆژێكی خایاندو دوێنێ سێشەممە گەڕایەوە، مەسەلەی ناوخۆی یەكێتی قسەی لەسەر نەكراوە، “ئەوە هێڵی سوورە بۆ هەموو لایەنێك، چونكە یەكێتی سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی‌و ئۆرگانی خۆی هەیە‌و ئەوان مافی قسەكردنیان لەسەر ئەم پرسانە هەیە نەك لایەنی تر،” ئەمەش وەك وەڵامێك بۆ ئەو ئەگەرەی كە تاران ئەمیان پەسەندكردبێت بۆ پۆستی سەرۆكایەتی یەكێتی لە غیابی تاڵەبانیدا.

 

هێرۆ ئیبراهیم كەخانمی یەكەمی عێراقە، وتی كە «باسكردن لەكاندیدێكی تر بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، یان ئەوەی كە من بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندیدكرابم قسەیەكی بێ بنەمایە، ئەو كەس‌و لایەنانەی ئەم هەواڵانە بڵاودەكەنەوە هەقە بەخۆیاندا بچنەوە». جەختیكردەوە “من ئەوكاتەی مام جەلال بوو بەسەرۆك كۆمار لەگەڵ ئەوە نەبووم ئەم پۆستە وەربگرێت چ جای ئێستا كە باسی من بكرێت”.

 

ئەوەشی روونكردەوە كە پەیوەندیەكانی نێوان ئێران‌و یەكێتی‌و ئەو وڵاتە لەگەڵ كوردستانیش تازە نیە، كەس ناتوانێت رۆڵی ئێران لەبەهاناوەهاتنی لێقەوماوانی چەكی كیمیاویی كوردستان‌و كۆڕەوەكە لەیادبكات. “ئەگەر ئێران سنووری خۆی نەكردایەتەوە كارەساتی هەڵەبجە بەدەردی كارەساتی ئەنفال دەچوو لەنێوەندی نێودەوڵەتیدا”.

 

هەروەها باسی لەوەشكرد كە چوارچێوەی گشتی وتووێژەكانیان لەتاران جەختكردنەوە بووە لەسەر پتەوكردنی پەیوەندیە سیاسی‌و ئابوریەكان، “تا بەهەموولایەك فشار بكرێت بەئاراستەی چارەسەری ئاشتیانەی كێشە سیاسیەكانی عێراق”.

 

دەربارەی پۆشینی لەچك لەكاتی دیداریدا لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، هێرۆ ئیبراهیم دەڵێت پەچە لەسەركردن پرۆتۆكۆڵە لەدیداری رەسمیدا لەئێران‌و ئەویش بۆ كاری رەسمی سەفەری كردووە، “ئەوانەی ئەمناسن دەزانن من رێز لەرێوڕەسمی هەموو ئاین‌و ئاینزایەك دەگرم،» ئەمەش لەوەڵامی ئەو هەڵایەی لەسەر لەچكپۆشینەكەی لەتاران هاتبووە ئاراوە لەپێگەكانی ئینتەرنێت.

 

وتیشی “ئەوكاتەی لەگەڵ تاڵەبانی چووە بۆ فاتیكان، بۆلای پاپا لەچكی كردووە، «ئەوانەی ئێستا ئەم هەڵایەیان ناوەتەوە ئەوكاتە بۆ وایان نەكرد”.

 

ئەوەشی خستەڕوو كە هەموو ئەو بەرپرسانەی دیداری لەگەڵدا كردوون “پەرۆشبوون” بۆ چاكبوونەی خێرای سەرۆك كۆماری عێراق.


Bookmark and Share