سه‌رپه‌رشتیارانی كۆنگره‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ تورك‌و عه‌ره‌ب به‌درێژایی‌ سه‌ده‌كان له‌وڵاتی‌ میسر نه‌یانده‌زانی‌ داوه‌تكردنی‌ پڕۆفیسۆرێكی‌ كورد وه‌ك لێكۆڵه‌رێك گفتوگۆكانی‌ ئه‌و كۆنگره‌یه‌ له‌سه‌ر رێڕه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ مشتومڕی‌ مێژویی‌ كورد.

كۆنگره‌كه‌ له‌ 8/3 له‌زانكۆی‌ سوێس به‌به‌شداری‌ 250 پڕۆفیسۆر ئه‌ندامجامدرا‌و د. عومه‌ر ئبیراهیم مامۆستای‌ كۆلێژی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ كه‌ركوك تاكه‌ كوردی‌ به‌شداربوو ئاماژه‌ به‌خسته‌ڕوی‌ تێزی‌ كورد ده‌كات وه‌ك هێزی‌ سێیه‌م به‌ڵام به‌مێژویه‌كی‌”شێوێندراو”ه‌وه‌.

 

د. عومه‌ر له‌چاوپێكه‌وتنێكی‌ هاوڵاتیدا ورده‌كاری‌ مشتومڕه‌كانی‌ ئه‌و كۆنگره‌یه‌ی‌ تایبه‌ت به‌كورد ئاشكرا ده‌كات‌و ده‌ڵێت “ویستمان كۆنگره‌ی‌ ساڵی‌ داهاتوو له‌سه‌ر مه‌زڵومییه‌تی كورد بێت، به‌ڵام یه‌ك ده‌نگی‌ هێنا”.

 

هاولاَتی: باس له‌وه‌ ده‌كرێت ئه‌و كۆنگره‌یه‌ی‌ به‌ڕێزت تێیدا به‌شداریت كرد ده‌رئه‌نجامه‌كانی‌ به‌سه‌ر كوردا شكاته‌وه‌ ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ چۆن بوو؟ تۆ ئاگات له‌وه‌ بوو؟

 

د. عومه‌ر ئیبراهیم: به‌ڵێ له‌كۆنگره‌كه‌دا محه‌مه‌د به‌هجه‌ت قوبه‌یسی كه‌ یه‌كێك بوو له‌ پڕۆفیسۆره‌كانی سوریا، وتارێكی پێشكه‌ش كرد كه‌ تێیدا هۆشداریدا له‌ بوونی یاریزانی سێیه‌م كه‌ كورده‌و به‌مه‌ترسی ناویبرد.

هاوڵاتی‌: چۆن مه‌ترسییه‌ك؟

 

د.عومه‌ر ئیبراهیم: وتی كورد نه‌خشه‌یه‌كی دروستكردووه‌ له‌كوه‌یته‌وه‌ تا ئه‌سكه‌نده‌رۆنه‌و ناوی لێناون وڵاتی كوردستان، له‌درێژه‌ی وته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ به‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بێتی ئه‌و شوێنانه‌م لایه‌ كه‌ ئه‌وان به‌كوردنشینی ناوده‌به‌ن.

 

هاولاَتی: به‌ڵگه‌كانی چیبوون؟

 

د. عومه‌ر ئیبراهیم: به‌ڵگه‌كه‌ی ئه‌وه‌بوو كه‌ كورد خه‌ڵكی لای زاگرۆس‌و ئه‌فغانستانن‌و ده‌ركراون به‌ئاواره‌یی هاتونه‌ته‌ ئه‌م ناوچانه‌، نمونه‌یه‌كیشی هێنایه‌وه‌و وتی “عه‌شیره‌تی‌ هه‌مه‌وه‌ند له‌ 1890 ئاواره‌كراون بۆ شاری‌ ته‌رابلوسی‌ لیبیا”.

 

هاوڵاتی: چ په‌یامێك له‌و تێزه‌دا به‌دیده‌كرا؟

 

د. عومه‌ر ئیبراهیم: قوبه‌یسی‌ له‌ئێواره‌ی سێیه‌م رۆژی كۆنگره‌كه‌دا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ له‌كتێبێكدا وشه‌ی كوردی‌ خوێنده‌وه‌ كه‌ هێمایه‌ك بوو به‌ بوونی كورد 1200ساڵ پێش زاین، به‌ڵام له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا ئاشكرایكرد كه‌ له‌گه‌ڵ خوێندكاره‌ كورده‌كانی زانكۆی حه‌له‌بی‌ سوریا گفتوگۆیه‌كی زۆریان له‌و باره‌یه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئه‌وان (خوێندكاره‌ كورده‌كانی‌ حه‌له‌ب) ده‌یانگوت نه‌خێر كورد 7000 ساڵ هه‌بووه‌، به‌ڵام قوبه‌یسی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌دا كه‌ دوای خوێندنه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی زۆر له‌و باره‌یه‌وه‌ بۆی‌ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ بوونی كورد له‌ئه‌فغانستان‌و باكوری زاگرۆس كه‌ سه‌فه‌وییه‌كان ده‌ریانیان كردوون بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی ئێستا تێیدا ده‌ژێن، ئه‌و گه‌لانه‌ وه‌ك ئه‌و ئاماژه‌ی‌ پێدا “كوردستان بوونی نییه‌ له‌م ناوچه‌یه‌”‌و ئه‌مه‌ ناوچه‌ی عه‌ره‌به‌و ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی ناوی كوردستانه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا ناوی ئه‌ره‌بایه‌ بووه‌.

 

هاولاَتی: ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی چۆن بوو؟

 

عومه‌ر ئیبراهیم: نه‌خێر ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی ئه‌و باسی ده‌كرد بوونی نییه‌، ره‌نگه‌ مه‌به‌ستی ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی كوردستانی گه‌وره‌بێت كه‌ بینیوێتی، قسه‌ی زۆر سه‌یری كرد له‌وانه‌ ده‌یگوت سێ جۆر كورد هه‌یه‌، كورد هه‌یه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا كورده‌، هه‌یه‌ باپیری ناوی كوردییه‌ ئه‌گه‌رنا كورد نین وه‌ك ئه‌حمه‌د شه‌وقی، هۆزێكی تریش هه‌یه‌ باپیره‌ گه‌وره‌كه‌یان ناوی كرێدییه‌، داوایشی كرد وه‌ك كه‌یس بورژێنرێت، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ كتێبێكیش له‌و باره‌یه‌وه‌ بلاَوده‌كاته‌وه‌ به‌ناوی “كوردو نه‌بی”.

 

هاولاَتی: هه‌ڵوێستی‌ ئێوه‌ به‌رانبه‌ر به‌و تێزه‌ نوێیه‌ چی‌ بوو؟

 

د. عومه‌ر ئیبراهیم: من وتم من خه‌ڵكی كه‌ركوكم كه‌ تا ساڵی 1871 پایته‌ختی ولایه‌تی شاره‌زوور بووه‌و ناویشی شاره‌زور بووه‌، پێیموت كه‌ كورد زۆر خزمه‌تی ئاینی ئیسلامی كردووه‌ كه‌ نمونه‌یش ئه‌گه‌ر سه‌لاَحه‌دین ئه‌یوبی نه‌بوایه‌ نه‌ من‌و نه‌ ئێوه‌یش ئیسلام نه‌ده‌بووین، موسته‌شره‌قه‌كان ده‌ڵێن له‌ 20 دێی كورد ده‌گه‌ڕاین نێرێكی تێدا نه‌مابوو یا شه‌هید بوو یاخود له‌به‌ره‌كانی جه‌نگ بوو، به‌لاَم ئێوه‌ ئه‌مڕۆ پاداشتی ئێمه‌تان دایه‌وه‌و پاداشته‌كان ئه‌وه‌بوو، من تا 2003 مافی هاولاَتی نمره‌ سه‌دیشم نه‌بوو له‌عێراقدا 182 هه‌زار كورد ئه‌نفال‌و هه‌موو كوردستانتان بۆردومانی كیمیاویی كرد، چه‌ند مانگێك له‌مه‌وپێشیش له‌توركیا شایه‌تحاڵی كورد قبوڵ نه‌ده‌كرا.

 

هاولاَتی: ئه‌و كۆنگره‌یه‌ تایبه‌ت بوو به‌په‌یوه‌ندی‌ نێوان تورك‌و عه‌ره‌ب ئاسایی‌ نییه‌ تێزی‌ له‌و جۆره‌ بخرێته‌ڕوو خۆ كۆنگره‌كه‌ی‌ تایبه‌ت نییه‌ به‌په‌یوه‌ندی‌ كورد‌و ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه‌؟

 

د. عومه‌ر ئیبراهیم: ئێمه‌ ده‌مانویست كۆنگره‌ی‌ ساڵی‌ داهاتوو له‌سه‌ر مه‌زڵومییه‌تی كورد بێت، به‌لاَم كرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ به‌داخه‌وه‌ به‌ده‌نگێك نه‌متوانی سه‌ركه‌وتوبم، هه‌رچه‌نده‌ ده‌توانین كه‌یسی كوردی تێدا بورژێنین چونكه‌ كۆنگره‌ی‌ داهاتوویان ناونا “ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی عه‌ره‌ب نین‌و خزمه‌تی ئاینی ئیسلامیان كردووه‌”.

 

هاولاَتی: ماوه‌یه‌كه‌ هه‌ستده‌كرێت كورد‌و كه‌سه‌ شاره‌زاكانی‌ بوونیان له‌و كۆنگرانه‌دا نییه‌ كه‌ تێیدا باس له‌ ئاینده‌و راردوی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد ده‌كرێت ئه‌وه‌ كێشه‌ نییه‌؟

 

د. عومه‌ر ئیبراهیم: زۆر گرنگه‌ بۆ ئه‌مڕۆی كورد كه‌ كه‌سانی به‌توانا بنێرێته‌ ئه‌و كۆنگرانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌به‌سترێت، نه‌ك كه‌سانێك ته‌نها بۆ به‌شداربوون‌و خه‌و و خواردنه‌وه‌ بژێت.

 

هاولاَتی: سوودی‌ ئه‌و بونه‌ی‌ كورد له‌و جۆره‌ كۆنگرانه‌دا چییه‌؟

 

د. عومه‌ر ئیبراهیم: عه‌قڵییه‌تی عه‌ره‌بی به‌ كۆ زۆر زه‌حمه‌ته‌ بیگۆڕێت، ئه‌وان ئێمه‌ به‌ بچوك سه‌یر ده‌كه‌ن، به‌داخه‌وه‌ كورد شه‌رمنانه‌ له‌سیاسه‌تدا ده‌دوێت سه‌ره‌ڕای بوونی چه‌ندین به‌ڵگه‌ به‌وه‌ی ئه‌م خاكه‌ شوێنی خۆیه‌تی كه‌چی كه‌ركوكی كردووه‌ته‌ راپرسییه‌وه‌.

 

ئیبن خه‌لدون مێژووی مردنه‌كه‌ی 808 كه‌ دێته‌ سه‌ر چیاكانی حه‌مرین‌و ته‌یه‌ك ده‌ڵێت كه‌ “ئێره‌ هێڵی جیاكردنه‌وه‌ی عه‌ره‌ب‌و كورد) ئه‌گه‌ر ئه‌وكاته‌ وای وتبێت بۆ من ئه‌مڕۆ شه‌رمبكه‌م داوای بكه‌م.

هاولاَتی: پێتوایه‌ كورد شه‌رمن بێت له‌داواكردنی‌ مافه‌كانیدا؟

 

د. عومه‌ر ئیبراهیم: كورد هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ ئه‌ویش دڵ سافییه‌، به‌رده‌وام ئێمه‌ رامانكردووه‌ بۆ به‌غدا مفاوه‌زاتمان كردووه‌، عێراق له‌ساڵی 1932 به‌مه‌رج توانی بڕواته‌ رێكخراوی عوصبه‌ت ئومه‌م كه‌ تێیدا هاتبوو ئه‌و ناوچه‌ كوردییانه‌ له‌لایه‌ن كورده‌وه‌ به‌ڕێوه‌ببرێت، دوایین كابینه‌ی پاشایه‌تی عێراق له‌ 1958 سه‌رۆك وه‌زیران، وه‌زیری ناوخۆ، به‌رگری، فه‌رمانده‌ی هێزه‌ ئاسمانییه‌كان كورد بوون، ئه‌ی باشه‌ چییان كردووه‌، سه‌رجه‌م پڕۆژه‌ گه‌وره‌كانی كوردستان عه‌ره‌ب كردویه‌تی، 80 ساڵه‌ ئێمه‌ سه‌رقاڵی قسه‌ی زلین‌و هیچ ده‌ستكه‌وتێكمان نه‌بووه‌، سێ پارێزگاكه‌ش كۆڕه‌وی 1991‌و ئه‌مری واقیع كردوێتی، چ كه‌سێك ئه‌وه‌نده‌ قوربانی بدات ئێستا خاوه‌نی ولاَتی خۆی نابێت، ته‌نها كورده‌ تائێستا هه‌ر خاوه‌نی حوكمزاتییه‌كه‌ی جارانه‌.

 

دكتۆر عومه‌ر ئیبراهیم تۆفیق پسپۆڕه‌ له‌بواری‌ ئه‌ده‌بی‌ ئه‌نده‌لوسیدا

43 كتێب‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌

له‌نێوان ساڵانی‌ 2000 بۆ 2003 راگری‌ كۆلێژی‌ په‌روه‌ده‌ی‌ سلێمانی‌ بووه‌

ئێستا مامۆستای‌ كۆلێژی‌ په‌وه‌رده‌ی‌ كه‌ركوكه‌


Bookmark and Share